پەیوەندی: 009647702581617 | info@sulycom.net
پڕۆگرامی تۆڕی پەیوەندیی (ماسنجەری فەیسبووک)، لە سەرانسەری جیھاندا بەکارھێنەرێکی زۆری ھەیە، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2018دا چەند گۆڕانکارییەکی تێدا بکرێت. میدیا تەکنۆلۆژییە جیھانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە کۆمپانیای (فەیسبووک)ی ئەمریکی، ھاوکات کە خاوەنی پڕۆگرامی ماسنجەری فەیسبووکە، کار لەسەر ڤێرژنێکی نوێی پڕۆگرامەکە دەکات و لە سەرەتای ساڵی 2018دا بۆ بەکارھێنەرانی بەردەستی دەکات. باس لەوەش دەکرێت، کە لەو ڤێرژنە نوێیەدا، بەکارھێنەرانی ئەو پڕۆگرامە، دەتوانن قسە لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیا جیھانییەکان بکەن، ھەروەھا کوالێتیی پەیوەندیی دەنگی و ڤیدیۆیی باشتر دەکرێت، پڕۆگرامەکەش خێراتر دەکرێت. میدیا تەکنۆلۆژییە جیھانییەکان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، کە کۆمپانیای فەیسبووک ھەوڵ دەدات لە ساڵی 2018دا، بەکارھێنەری زیاتر بۆ پڕۆگرامەکەی ڕابکێشێت، ھەروەھا ماسنجەری فەیسبووک تەنیا وەک پڕۆگرامێکی تۆڕی پەیوەندی نامێنێت، بەڵکوو چەندین تایبمەندیی گرنگ و سوودبەخشی بۆ زیاد دەکرێت. پڕۆگرامی ماسنجەری فەیسبووک، لە ساڵی 2011دا کارا کرا، ئێستاش بەکارھێنەرێکی زۆری لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە، کۆمپانیای فەیسبووکیش خاوەنیەتی، ھەروەھا بە یەکێک لە باشترین پڕۆگرامەکانی تۆڕی پەیوەندی دادەنرێت.