پەیوەندی: 009647702581617 | info@sulycom.net
قەیوان گروپ خولی بەھێزکردنی تواناکان بۆ کارمەندەکانی دەکاتەوە. بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان رۆژی دووشەممە ١١/١٢/٢٠١٧ لە ھۆڵی سیمینارەکانی پەیمانگای تەکنیکی کوردستان خولێکی بەھێزکردنی تواناکانی بۆ کارمەندانی راگەیاندن کردەوە. لە خولەکەدا کارمەندانی راگەیاندنی سەرجەم ناوەندە پەروەردەییەکان و دامەزراوەکان و بەشی راگەیاندن بەشداریان کرد. لە رۆژی یەکەمی خولەکەدا د. شوان ئادەم ئەیڤەس پسپۆڕی میدیا باسی لە چۆنێتی نوسینی ھەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانی کرد و تیشکی خستە سەر چۆنێتی روماڵکردنی چالاکی و رووداوەکان، بە پراکتیکیش بەشداربوانی لە نوسینی ھەواڵ و راپۆرت بەشداری پێکرد. لە بەشێکی دیکەی خولەکەدا مامۆستا رێبوار مەلا نەبی شارەزای بواری مارکێتینگ باسی لە پڕۆسەی مارکێتینگی سەرکەوتوو کرد و تیشکی خستەسەر چۆنێتی سوودوەرگرتن لە راگەیاندنەکان بۆ کاری مارکێتینگ. خولی راھێنانەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بەشێکی دیکەی خولەکە تایبەت دەبێت بە بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا و چۆنێتی سوود وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەیاندنی پەیام بە ھاوڵاتیان. لە رۆژی دووەمی خولەکەدا بەڕێز مامۆستا سەرخێڵ سیروان پسپۆڕی بواری ئایتی و شارەزا لە بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا باسێکی دەربارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەکتیڤکردنیان پێشکەش کرد ھەر لە رۆژی دووەمی خولەکەشدا بەڕێز فواد عوسمان بەڕێوەبەری راگەیاندنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان باسێکی لە بارەی پلانی میدیایی قەیوان گروپ و چۆنێتی بەرەوپێشبردنی کارە میدیاییەکان پێشکەشی ئامادەبوان کرد. لە ھەردوو رۆژەکەشدا بەشداربوان بە تێبینی و سەرەنج و پرسیارەکانیان خولەکەیان دەوڵەمەند تر کرد.